Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی پەرەپێدانی کەرتی تایبەتیان تاوتوێ کرد

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)-قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەفدێکی ئەمریکی بە سەرپەرشتی رۆبەرت وۆلەر کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم کۆبووەوە و پێکەوە چۆنییەتی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و چەند پرسێکی گرنگی دیکەیان تاوتوێ کرد.


لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە 9ی حوزەیران (یونیۆی) 2021 بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی گرنگیدان بە کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و لەم چوارچێوەیەشدا باسیان لە پێشخستنی ئەم کەرتە کرد.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە پێویستی هاندانی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی کرد بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە کارئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان.


هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێویستی پێداچوونەوە و چاکسازی کرا لە سیستمی بانکی هەرێمی کوردستان کە بە جۆرێک رێکبخرێتەوە ببێتە پاڵپشتی وەبەرهێنەران و رۆڵی گرنگ ببینێت لە پێشخستنی کەرتی تایبەت.


لە تەورێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێویستی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی 2021ی عێراق کرا و کۆنسوڵی ئەمریکا پشتگیری خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە.