Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: ئامانجی حکومەت ئەوەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گازی سروشتی ببەستێت

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە ڕێوڕەسمێکدا لە قەزای کۆیە کە بە بۆنەی دابینکردنی 10 گۆڕەر بۆ 10 وێستگەی کارەبا بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە تەواوی پشت بە گازی سروشتی ببەستێت.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە رۆژی پێنج شەممە 3 ی حوزەیران (یونیۆی) 2021 بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە لە هەرێمی کوردستان کێشەی بەرهەمهێنانی کارەبا نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکی کەرتی کارەبا کۆنبوونی تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا و چۆنییەتی دابەشکردنی کارەبایە. لەم چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند حکومەت پلانی هەیە بە هاوکاری کەرتی تایبەت کاربکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا و پێداچوونەوەش دەکەن بە شێوازی دابەشکردنی کارەبا، هەروەها ڕێوشوێنی توندیش دەگیرێتەبەر بەرامبەر بە هەرجۆرە زیادەڕۆییەک لەسەر ئەم کەرتە.

لە بەشێکیتری وتارەکەیدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند سەرباری هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا، کەچی هێشتا تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا زۆر بەرزە و بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش پلانی حکومەت ئەوەیە بۆ بەرهەمهێنانی 100 ٪ی کارەبا بەتەواوی پشت بە گازی سروشتی ببەستێت.


لە درێژەی وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە لە دانووستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هاوتەریب لەگەڵ پرسی بودجە باسی کێشەی کارەباش دەکەن و هەوڵ هەیە بۆ دروستبوونی هەماهەنگی لەنێوان هەر دوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و ڕایگەیاند بە هەماهەنگی نێوان هەردوو حکومەت دەکرێت بەشێکی بەرچاوی کێشەی کارەبای عێراق و هەرێمی کوردستانیش چارەسەر بکرێت.


سەبارەت بە چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی دانووستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوەکرد کە لەم رۆژانەی دواییدا دانووستانەکان زۆر باش بەڕێوەچوون و لیژنە لاوەکییەکان هەنگاوی باشیان ناوە بە ئاراستەی رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و لە داهاتوویەکی نزیکدا هیچ بەربەستێک نامێنێت لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی.


هەر لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە حکومەتی هەرێم نەک هەر بە تەواوی پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەوە، بەڵکو گەشبینیشین کە بتوانین هەموو کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدرال لەڕێگەی دانووستانەوە چارەسەربکەین.