Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئوسترالیا كۆبووەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران چاوی كەوت بە خاتوو پاولا کانلی، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق و، پێكەوە ژمارەیەك پرسی جێگە بایەخی هەردوولایان تاوتوێ كرد.

لە كۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ 29 ی حوزەیران (یونیۆی) 2021 هەردوولا لەبارەی دۆخی ئەمنی عێراق و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش گفتوگۆیان كرد، پێكەوە هاوڕابوون لە پێویستی هەماهەنگی زیاتری نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی ئەم ڕێكخراوە و دیاردەی تیرۆر بەگشتی.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی عێراقیش، جێگری سەرۆك وەزیران و شاندەکەی ئوسترالیا جەختیان كردەوە، لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا لە 10 تشرینی یەكەمی داهاتوو، بە شێوەیەكی ئازاد و بێگەرد بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ پێکهێنانی حكومەتی داهاتوو لە عێراق.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی چاكسازی و هەوڵەكانی بنەبڕكردنی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان كرا، لەم میانەیەشدا قوباد تاڵەبانی داوایكرد ئوسترالیا زیاتر هاوكار بێت لەپەرەپێدانی كشتوكاڵ و بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو لە كوردستان و ڕوونیكردەوە بەرنامەی حكومەتی هەرێم ئەوەیە كشتوكاڵ ببێتە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات و ئابووری هەرێمی کوردستان.