Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی جۆرجیا کۆبووەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە زازا کاندیلاک باڵیۆزی نوێی جۆرجیا لە عێراق و هەردوولا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نیوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی جۆرجیایان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا كە ئەمڕۆ 6 ی حوزەیران (یونیۆی) 2021 حوزەیرانی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە زازا کاندیلاک کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە وەک باڵیۆزی نوێی جۆرجیا لە عێراق، هەروەها هیوای خواست لە ماوەی کارکردنیدا لە عێراق ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و جۆرجیا پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا ئامادەییان دەربڕی ئاستی پەیوەندییەکانیان باشتر بكەن بە تایبەت لە بوارەکانی بازرگانی و گەشتوگوزار و خوێندنی باڵا و چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کە جۆرجیا ئەزمونێکی سەرکەوتووی هەیە لە‌و بوارانە‌دا.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باس لە کردنەوەی کۆنسوڵخانەی جۆرجیا لە هەرێمی کوردستان کرا کە وابڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەولێر بكرێتەوە.