Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆیی لە سلێمانی کۆبووەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەو لیژنەیەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی گشتی لە سنووری شارەوانی سلێمانی پێکیهێناوە کۆبووەوە و تاوتوێی دانانی میکانیزمیان کرد بۆ چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێ شەمە 8ی حوزەیران (یونیۆی) 2021 لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران پشتگیری تەواوی خۆی بۆ لیژنەکە دووپات کردەوە و داوای لە ئەندامەكانی كرد هەوڵی تەواو بدەن بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو زیادەڕۆییانەی لە سنووری شارەوانی سلێمانی کراوەتەسەر موڵکی گشتی.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆییەکان و لێپرسینەوەی یاسایی لە هەموو ئەوانەی زیادەڕۆییان کردووە.

لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆیی رۆژی 2021/4/6
بەپێی فەرمانی ژمارە 3662 لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە پێکهات و ئامانجی لیژنەکەش بەدواداچوون و دیاریکردنی ئەو ناوچانەی سنووری شارەوانی سلێمانییە کە زیادەڕۆییان کراوەتەسەر لەگەڵ دیاریکردنی کەس و لایەنی بەرپرسیار لە زیادەڕۆییەکان بۆ ئەوەی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێنەوە.