Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: مەبەستی سەرەکی ئێمە لە دروستکردنی حکومەتی ئەلەکترۆنی لە بنەڕەتدا دروستکردنی حکومڕانییەکی رەشید و شەفاف و کارا و سەردەمیانەیە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە وتارێکدا لە پێشانگای نێودەوڵەتی تەکنەلۆژیای هایتێکس سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی سیستمی بایۆمەتری رایگەیاند لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا 475 هەزار ژمارەی بێهاوتای کەسیی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.


لە سەرەتای وتارەکەیدا كە ئەمڕۆ 16 حوزەیرانی (یونیۆی) 2021 لە پێشانگای نێودەوڵەتی تەکنەلۆژیای هایتێکس لە هەولێر پێشكەشی كرد، قوباد تاڵەبانی سوپاسی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی کرد کە بڕیاریدا بە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و هیواشی خواست ئەمە ببێتە سەرەتای هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەردوولا و چارەسەرکردنی سەجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیكە .


سەبارەت بە هەوڵی حکومەت بۆ دروستکردنی حکومەتی ئەلەکترۆنی ئاماژەی بەوەدا، مەبەستی سەرەکی ئێمە لە دروستکردنی حکومەتی ئەلەکترۆنی لە بنەڕەتدا دروستکردنی حکومڕانییەکی رەشید و شەفاف و کارا و سەردەمیانەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی شایستە خزمەتگوزاری پێشکەشی هاوڵاتیان بکات.


هەرلەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە کێشەی موچەخۆرانی هەرێم کرد و رایگەیاند بەر لە تۆماری بایۆمەتری حکومەت زانیاری نەبوو لەسەر فەرمانبەران و موچەخۆران، بەڵام ئێستا لەڕێی ئەم سیستمەوە بەشێوەی زانستی زانیاری پێویست بەردەستە و هەربەپێی ئەم زانیارییانە وەزارەتى دارایی دەستیکردووە بە کردنەوەى هەژمارى بانکى بۆ موچەخۆران بەمەبەستی ئەوەی لەمەودوا بەشێوەى ئۆنلاین موچەى فەرمانبەران بخرێتە سەر هەژمارە تایبەتەكانیان.

جێگری سەرۆك وەزیران ئەوەشی ڕوونكردەوە لە ماوەیەکى نزیکدا 475 هەزار "ژمارەى بێهاوتاى کەسیی" بەسەر موچەخۆراندا دابەش دەكرێت، ئەمەش دەبێتەهۆى نەهێشتنى کێشەى بندیوار و كێشەی دوو ناوی و سێ ناوی چارەسەر دەكات.


لە بەشێکیتری وتارەکەیدا باسی لە خێراکردنی تۆماری کۆمپانیاکان کرد لە هەرێم و رایگەیاند لە ئیستادا لانیکەم 28 رۆژ پێویستە بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیایەک بەو مەرجەی هیچ کێشە و گرفتێکی نەبێت، بەڵام لەم سیستمەدا ئێمە دەتوانین تۆماری کۆمپانیاکان بۆ 24 کاتژمێر کەم بکەینەوە.


هەر سەبارەت بە گرنگی حکومەتی ئەلەکترۆنی و سیستمی بایۆمەتری قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد ئەم سیستمە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ سیاسەتدانان و داڕشتنی پلانی حکومەت بە شێوەیەکی زانستی. حکومەت بەپێی ئەو زانیارییە وردانەی لەبەردەستیدایە دەزانێت بۆ نمونە لە هەر وەزارەتێک پێویستی بە چ جۆرە شارەزاییەک هەیە و لە چ بوارێکدا بۆشایی و کەموکوڕیی هەیە، بۆیە دەتوانێت بەپێی ئەم کەموکوڕییانە پلانی گونجاو دابنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.


لە کۆتایی وتارەکەیدا جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد کە لە حکومەتی هەرێم ئیرادەیەکی باش هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەی بە ئەلەکترۆنی کردنی حکومەت و دەتوانین بەسەر هەموو بەربەستە یاسایی و سیاسیی و ئیدارییەکاندا زاڵ بین.