Skip to the content

قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە كونسوڵی نوێی یۆنان كرد

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی كرد لە د. ستاڤرۆس کیریمیس، كونسوڵی گشتی یۆنان لە هەرێمی كوردستان و پێكەوە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنانیان تاوتوێ كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا ئەمڕۆ 22 حوزەیران (یونیۆی) 2021 لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی، سەرەتا پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كونسوڵی نوێی یۆنان كرد لە ئەركی نوێیدا و داوایكرد هەرچی دەتوانێت بیكات بۆ برەودانی زیاتری پەپوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەسینا بەتایبەت لە بوارەكانی گەشتیاری و خوێندنی باڵا و كەلەپوور و بازرگانی.

دواتر قوباد تاڵەبانی پوختەیەكی لەبارەی كارنامەی حكومەتی هەرێم پێشكەش بە كونسوڵی یۆنان كرد و جەختیكردەوە، حكومەتی هەرێم كار بۆ فرەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات دەكات و ستایشی نمونەی یۆنانی كرد لە گرنگیدان بە گەشتوگوزار كە دەكرێت ببێتە وانە و ئەزموون بۆ هەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە كونسوڵ ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی هاریكاری زیاتر لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە دروستكردنی پەیوەندی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و شارەكانی یۆنان.

هەروەها بەگرنگییەوە باسی لەوەشكرد بڕیارە بەم نزیكانە سەرۆك وەزیرانی یۆنان بێتە عێراق و هەرێمی كوردستانیش یەكێك دەبێت لە وێستگەكانی سەردانەكەی.