وەفدی باڵای حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ دەستەی سیاسی رەوتی سەدری كۆبووە
*دەبێت هەوڵ بدەین کێشەکان لەعێراق و لە هەرێمی کوردستانیش پێکەوە چارەسەر بکەین.*
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 2 ی حوزەیران (یونیۆی) ی 2021 لەبەغدا، وەفدى باڵاى حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران سەردانی دەستەى سیاسی رەوتی سەدری کرد و لەلایەن نەسار ڕوبەیعی و ژمارەیەک سەرکردەى باڵاى دەستەکەوە پێشوازی کران.
لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرا و جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران سوپاسی کردن کە لەکاتی پەسەندکردنی بودجەى ساڵى 2021ى فیدراڵی هاوکاربوون تا لەگەڵ لایەنەکان و لەناو ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراقدا رێکەوتن بکرێت لەبارەى یاساى بودجە، وتیشی کێشەى بەغداد کێشەى ئێمەشە و بێگومان کێشەى هەرێمی کوردستانیش کێشەى عێراقە، بۆیە دەبێ هەوڵ بدەین کێشەکان لەعێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە چارەسەر بکەین.
لەبەرامبەردا نەسار روبەیعی سوپاسی هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی و وەفدى باڵاى دانوستانکارى حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ نزیککردنەوەى راوبۆچوونی لایەنەکان سەبارەت بەچارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەتی بودجە، راشیگەیاند کە پەسەندکردنی بودجە بەو شێوازە، زەمینە لەباردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تر.
هیواشی خواست هەمیشە نزیکبوونەوە هەبێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بەشێوەیەکى گشتی.