قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە كونسوڵی چیك كرد
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران: چاكسازی پرۆسەیەكی گشتگیر و هەمەلایەنەیە و پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی هەموو لایەكە.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ (2 ئادارى 2021) لە ھەولێر پێشوازیی لە میخال سڤۆبۆدا، كونسوڵی گشتی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان کرد و لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆیان لەبارەی بەهێزكردنی پەیوەندیی دوو قۆڵی و چۆنییەتی كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونی چاكسازییەكانی وڵاتی چیك کرد.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، هەنگاوەكانی چاكسازی حكومەتی هەرێمی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەكرد چاكسازی پرۆسەیەكی گشتگیر و بەردەوامە، پێویستی بە هەماهەنگیی گشتی هەیە لەگەڵ ئەزموونی وڵاتان كە یەكێك لەوانە كۆماری چیكە.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا دوا پێشهاتەكانی گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عێراق تاوتوێ لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەكان کرا، بەتایبەت پرسی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 و لەم بارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە یاسا بەركارەكان و دەستور لە دۆسییەكانی نەوت و خەرجی و داهاتەكان.
كونسوڵی چیك ئامادەیی وڵاتەكەی دەربری بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی ھەرێم لە دۆسیەی چاكسازییەكان و چۆنییەتی جێبەجێكردنی ھەنگاوەكانی ئەم پڕۆسەیە.