قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا كۆبووەوە
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئارا ئايفازيان وەزیری دەرەوەی كۆماری ئەرمینیا، كۆبووەوە و پێكەوە لەبارەی كۆمەڵێك پرسی جێگە بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان كرد لەوانەش دەستپێكردنی گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆكە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا.
لە دووەم ڕۆژی سەردانەكەی بۆ كۆماری ئەرمینیا، قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ 15 ئایاری (مایس) ی 2021 لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا كۆبووەوە و پێكەوە لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و پێشهاتەكانی ناوچە گفتوگۆیان كرد. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی كاری هاوبەش لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئەرمینیا و لەسەر بارودۆخی كوردانی نیشتەجێی ئەرمینیاش هەڵوێستەیان كرد بەتایبەت ئەو كوردانەی بۆ خوێندن ڕوویان لەو وڵاتە كردووە.
لە تەوەرێكیتری كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر كۆمەڵگای ئەرمەنی لە كوردستان و بەگرنگییەوە باس لە دەستپێكردنی گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئەرمینیا كرا كە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا دەست پێ بكات.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی دروستكردنی پەیوەندی بازرگانی و ئاسانكاری پێدانی ڤیزا و كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونی ئەرمینیا لە بواری وزە لە هەرێمی كوردستان.
سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆماری ئەرمینیا لەسەر بانگهێشتی فەرمی حکومەتی ئەرمینیایە و سێ رۆژ دەخایەنێت. لەم سەردانەدا هەر یەکە لە دارا رەشید وەزیری پلاندان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران یاوەری جێگری سەرۆک وەزیرانن.