Skip to the content

بەڕێزان سەرۆك ‌و ئەندامانی سكرتارییەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- پیرۆزبایی یادی ٥٩ ساڵەى دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانتان لێ دەکەم، هیوادارم بەردەوام بن لەخەباتی پیشەیی و پەروەردەیی لەپێناو هێنانەکایەی پەروەردەیەکی هاوچەرخ بۆ نەوەکانی داهاتوو.

هەر لەسەرەتاى دامەزراندنییەوە ئەم رێکخراوە تێکۆشەرە، دڵسۆزانە رۆڵى گەورەی بینیوە و شانبەشانی خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەمان بەردەوام بووە لەقوربانیدان و کارکردن بۆ فێركردنی نەوەکانی ئەم گەلە بەپرنسیپەکانی پەروەردە و زانست.

لەم قۆناغەشدا و لەبەرامبەر وەفاداری و بەخشینە بەردەوامەکان و بەرگەگرتنتان بۆ هەموو ئەو بارە ناهەموارانەى هەرێمەکەمان پێیدا تێپەڕیووە، سوپاسگوزارتانین کەبەردەوام بوون لەبرەودان بەگۆڕەپانی پەروەردەیی و هەڵگرتنی مەشخەڵى زانست و فێرکردن.

هیوادارین بەردەوام بن لەو رێگایەیەى گرتوتانەتەبەر بۆ خزمەتکردنی کوردستانە ئازیزەکەمان و پشتیوانیکردنی رەوتی پەروەردە و فێرکردن، ئێمەش لەحکومەتی هەرێمی کوردستان شانازی بەئارامگرتن و بەردەوامیتانەوە دەکەین کەسەربارى قەیرانەکان لەخەمی بەردەوامیی پرۆسەى خوێندن دا بوون.

دووبارە هیواى سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و هیوادارین یەکێتی مامۆستایان بەھەمان گوڕوتینی پێشتر و دڵسۆزانەتر کاربکات بۆ خزمەتکردن و پاراستنی شکۆی مامۆستایان و ھەوڵەکانی چڕتربکاتەوە لەپێناو بەدەستھێنانی ئامانج و مافەڕەواکانیان.

قوباد تاڵه‌بانی
جێگری سه‌‌رۆكی ئه‌‌نجومه‌‌نی وه‌‌زیران