قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كونسوڵی بەریتانیا پرسی چاكسازی تاوتوێ كرد
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)-قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لەگەڵ شاندێكی بەریتانی بەسەرۆكایەتی جەیمس سۆرنتن، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و ستافێكی هاوڕێی كۆبووەوە و پرسی چاكسازی و خزمەتگوزارییەكانیان لەهەرێمی كوردستان تاوتوێ كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا ئەمڕۆ 18 ئایار (مایس)ی2021 كە لە هەولێر بەرێوەچوو، باس لەپرۆسەی چاكسازی و پۆرتاڵی خزمەت و بایۆمەتری لە هەرێمی كوردستان كرا، لەگەڵ گرنگی بەئەلیكترۆنیكردنی كاروبارە حكومییەكان و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی ئابووری لە رێگەی گرنگیدان بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار كە ماوەی شەش ساڵە قوباد تاڵەبانی كاریان لەسەر دەكات.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیدان بە چاكسازی بانكی وەك بنەمایەك بۆ چاكسازیی گشتگیر و بنەبڕكردنی گەندەڵی و باسیان لەچۆنییەتی بەستنەوەی زانكۆكانیش كرد بە بازاڕی كارەوە.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران، ڕوونیكردەوە ئێستا سەرقاڵی هەمواركردنی ئەو یاسا كۆنانەن كە رێگرن لە چاكسازی، ئەوەشی ڕوونكردەوە هەرێمی كوردستان لەپاش جێبەجێكردنی بایۆمەترییەوە بووەتە خاوەنی زانیاری خۆی و پێشتر بۆشایی گەورەی زانیاری هەبوو.
لە كۆبوونەوەكەدا لیز ئاتوێڵ، جێگری بەڕێوەبەری گەشەپێدان و ئەلێکساندەر هامڵتۆن، راوێژکاری ئابوری و ئامار، نیکۆلا میڵن، بەڕێوەبەری چاکسازی لە پێناو سەقامگیری عێراق و ئیلینۆر لیپمان، سکرتێری دووەمی چاکسازی و ئاسایش لە كونسوڵخانەی بەریتانیا ئامادە بوون.