Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێكی یەكێتی ئەوروپا كۆبووەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی كرد لە مارتن هوس، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و ڤینسینت پۆپیۆ، بەرپرسی نووسینگەی نێردەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان.

لە كۆبوونەوەیەكدا ئەمڕۆ 26ی ئایار (مایس) ی 2021 لە هەولێر، هەردوولا پە‌یوە‌ندییە‌كانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیان تاوتوێ كرد و جێگری سەرۆك وەزیران پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دووپات كردەوە.

لە تەوەرێكیتری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی چاكسازییە‌كانی حكومە‌تی ھە‌رێم كە تا ئێستا هەنگاوی باشیان بڕیوە، هەروەها جەخت لەبەردەوامی چاكسازییەكان و شۆڕكردنەوەیان كرایەوە و بۆ ئەم مەبەستەش قوباد تاڵەبانی داوای پاڵپشتی وڵاتانی ئەوروپای كرد كە ئەزموونی زۆریان هەیە لەو بوارەدا.

هەروەها قوباد تاڵەبانی داوای هاوکاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد بۆ هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی کوردستان تا بتوانێت لە فراوانکردنی ئازادییەکان و پەرەپێدانی بەهاکانی دیموکراسی بەردەوام بێت.