Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کۆنسوڵی ئەڵمانیا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان تاوتوێ کرد

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ کلێمنس سێمتنەر کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا کۆبووەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و كۆمەڵێك پرسی تریان تاوتوێ کرد.


لە کۆبوونەوەکەدا كە ئەمڕۆ 18 ئایار (مایس)ی2021 لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لە دوای تێپەڕاندنی یاسای بودجەی 2021 پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێکی زۆر باشدایە و ڕایگەیاند هەفتەی داهاتووش شاندی دانووستانکاری هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە بۆ دیاریكردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.


لە بەشێکی دیكەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەڵبژاردنی گشتی داهاتووی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت کار بکرێت بە ئاراستەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.


هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و هەرێم کرا و لەمبارەیەشەوە هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرال و هەموو لایەنە سیاسییەکان بە هاوکاری وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان پێکەوە کاری زیاتر بکەن لەپێناو سەقامگیری زیاتری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە.