قوباد تاڵەبانی نوێنەرایەتی وڵاتانی بانگهێشت كرد بۆ بینینی فیلمێكی كوردی
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بانگهێشتی نوێنەرایەتی و كونسوڵی وڵاتانی بیانی كرد بۆ بینینی فیلمی كوردی 09 بە ئامادەبوونی ستافی بەشداری فیلمەكە و پاش كۆتایی نمایشەكەش پشتیوانی حكومەتی بۆ بەرهەمە هونەرییەكان دووپات كردەوە.
نمایشەکە کە ئێوارەی ئەمڕۆ 27 ئایاری (مایس) ی 2021 لەهەولێر کرا، قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی و خۆی دەربڕی كە بەرهەمێكی تەواو كوردی ئەمڕۆ لەبەرچاوی نوێنەری وڵاتان نمایش كراوە و هیوای خواست ئەمە ببێتە سەرەتا و دەسپێك بۆ بە پیشەسازیكردنی سینەما لە كوردستان و دەرخستنی توانای گەنجانی کورد لەبواری هونەر.
لە پەراوێزی نمایشەكەدا قوباد تاڵەبانی گفتوگۆی لەگەڵ ستافی بەرهەمهێنەری فیلمەكە كرد كە ئامادەی نمایشەكە بوون و لەبارەی توانای گەنجان و هونەرمەندانی كورد بیروڕایان گۆڕییەوە و پابەندی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دووپات كردەوە بۆ پاڵپشتیكردنی توانا نیشتمانییە داهێنەرەكان بەتایبەت بواری هونەری نواندن و جەختیكردەوە سینەما پردێكە بۆ بەستنەوەی كۆمەڵگای كوردی بەدنیای سەردەم و دەكرێت ببێتە ئاوێنەی نمایشی خەون و خولیا و ئازار و بەسەرهاتەكانی نەتەوەی كورد بۆ هەموو جیهان.