قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەڵمانیا پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی کرد لە ئۆلە دیل باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا و چەند پرسێکی گرنگی دیکەیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ 26ی ئایار (مایس) ی 2021 بەڕێوەچوو و کلێمنس سێمتنەر کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم و دابان شەدەلە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش ئامادەبوون، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا و جێگری سەرۆک وەزیرانیش داوایکرد ئەڵمانیا رۆڵی زیاتر ببینێت لە هاوکاریکردنی هەرێم بۆ پێشخستنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و چاکسازیکردن لە سیستمی حکومرانی.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کرا و هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بە شێوەی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و ئەمەشیان بە گرنگ زانی بۆ سەقامگیری سیاسی و پرسی دیموکراسی و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد ئەڵمانیا و وڵاتانی هاوپەیمان هاوکاری عێراق بکەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
تەوەرێکتری کۆبوونەوەکەدا تایبەت بوو بە تاوتوێ کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدرال، لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: نیەتی حکومەتی هەرێم چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە و لە دوای پەسندکردنی یاسای بودجەشەوە حکومەتی هەرێم ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیكدا وەفدی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتە تەکنیکیانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساکەدان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەوپێیەی ئۆلە دیل ئەرکەکەی وەک باڵیۆز لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا کۆتایی دێت، قوباد تاڵەبانی سوپاس و ستایشی هەموو ئەو هاوکارییانەی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا پێشکەشی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە و هیوای خواست ئەڵمانیا بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.