قوباد تاڵەبانی و وەزیری دەرەوەی سوید کۆبوونەوە
قوباد تاڵەبانی: حکومەتی هەرێم جددییە لە ئەنجامدانی چاکسازی
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئان لیندە، وەزیری دەرەوەی سوید، داوای کرد لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر بنەمای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی پەلە بکرێت لە دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
لەکۆبوونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ ٢٣ی ١١ لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی و ئان لیندە پێکەوە باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سوید و هەرێمی کوردستان و دواپێشهاتە سیاسییەکان و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سوید، قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە پەیوەندییەکی باش هەیە و ئاماژەی بەوەدا کە لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لەبوارە جیاجیاکاندا سودیان لە هاوکارییەکانی سوید بینیووە و وستایشی ئەو هەماهەنگییەی کرد و وتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان جددییە لە ئەنجامدانی چاکسازی و لەو ڕووەوە هەتا ئێستا هەنگاوی باشی بڕیوە".
سەبارەت بەڕەواشی عێراقیش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر بنەمای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەلە بکرێت لە دەستپێکردنی گفتوگۆکانی رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.
لەتەورێکی تری کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی سوید لە رەوشی پرسی جێندەری پرسییەوە لە هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە کە بەهەموو توانایەوە کار دەکات بۆ بەدیهێنانی باڵانسی جێندەری لە هەرێمی کوردستان.
لەو کۆبوونەوەیەدا بەڕێزان دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و شۆڕش قادر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە سوید ئامادەبوون.