قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی دیاری كردن و چارەسەركردنی زیادەڕەوی لە سلێمانی كرد
قوباد تاڵەبانی: لەھیچ كەسێك قبوڵ ناكرێت لەھەر پلە و پۆستێكدا بێت زیادەڕەوی ئەنجامبدات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد لە سلێمانی تایبەت بوو بە چارەسەركردنی زیادەڕەویی لەسەر موڵك و ماڵی گشتی و داوای لەلیژنەی راسپێردراو كرد ھەموو توانای خۆیان بەكاربھێنن بۆ رێگری كردن لە زیادەڕەوی نوێ.
لە كۆبوونەوەكەدا كە لەگەڵ لیژنەی پێكھێنراو بۆ دیاری كردن و چارەسەر كردنی زیادەڕەوییەكانی سنوری سلێمانی بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ یەك شەممە ١٤/١١، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ستایشی ھەنگاوەكانی لیژنەكەی كرد و جەختیكردەوە كە دەسەڵاتی تەواویان ھەیە بۆ رێگری كردن و چارەسەركردنی پرسی زیادەڕەوی لە سنوری سلێمانی.
وتیشی: لەھیچ كەسێك قبوڵ ناكرێت لەھەر پلە و پۆستێكدا بێت كە زیادەڕۆیی ئەنجامبدات یا رێگر بێت لە راگرتنی زیادەڕۆیی لەسەر موڵك و ماڵی گشتی.
داوای لەو لیژنەیەش كرد كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ پێكھێنراوە، لەماوەیەكی دیاری كراودا ئەم دۆسییەیە بەتەواوەتی چارەسەر بكەن و ماف بدرێت تەنھا بەخاوەن ماف.