Skip to the content

قوباد تاڵەبانی بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی وەبەرهێنان و خزمە‌تگوزاری لە‌ سلێمانی كۆبوونە‌وە‌یە‌كی ئە‌نجامدا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیران لە کۆبوونەوەیەکدا لە‌گە‌ڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بە‌ڕێوەبە‌رانی پەیوەست بە وەبەرهێنان تاوتوێی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی وەبەرهێنانی کرد و جەختی کردەوە لەسەر کارئاسانی کردنی تەواو بۆ وەبەرهێنەران و خزمە‌تكردنی ھاوڵاتیان.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئە‌مڕۆ 7/11/2021 بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پشتگیری حکومەتی هەرێمی بۆ کەرتی تایبەت دووپات کردەوە و رایگەیاند: لەپێناو هاندانی زیاتری کاری وەبەرهێنان دەبێت کارئاسانی تەواو بکرێت بۆ وەبەرهێنەران و رۆتین بە تەواوە‌تی کەم بکرێتەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران لە ئەولەوییەتەکانمانە‌ لە‌پێناو بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم، هەربۆیە؛ ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانییە کە نەک تەنها کارئاسانی تەواو بۆ وەبەرهێنەران بکەن، بەڵکو دەبێت کار بۆ ئەوەبکرێت هانی وەبەرهێنەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق و وەبەرهێنەرانی بیانیش بدرێت بۆ کاری وەبەرهێنان رووبکەنە پارێزگای سلێمانی.

قوباد تاڵە‌بانی بە‌ ئامادە‌بوانی كۆبوونە‌وە‌كە‌ی وت: مە‌بە‌ستمانە‌ لە‌ پڕۆژە‌كانی نیشتە‌جێبوون ئە‌‌ولە‌ویە‌ت بدرێت بە‌و پڕۆژانە‌ی كە‌ تایبە‌ت دە‌بن بە‌ چینی كە‌مدە‌رامە‌ت، بۆیە‌ گرنگی بدە‌ن بە‌و جۆرە‌ پڕۆژانە‌ بۆ ئە‌وە‌ی زوو بكە‌ونە‌گە‌ڕ.

ھە‌روە‌ھا جە‌ختی كردە‌وە‌ لە‌سە‌ر گرنگیدان بە‌ پڕۆژە‌كانی گە‌شتوگوزار و پیشە‌سازی و كشتوكاڵ.

دواتر بە‌ڕێوبە‌رە‌ گشتییە‌كان و بە‌ڕێوبە‌رە‌ ئامادە‌بووە‌كان سە‌رنج و تێبینییە‌كانی خۆیان خستە‌روو و بڕیاردرا بە‌زووترین كات چارە‌سە‌ری لە‌مپە‌ر و گرفتە‌كان بكە‌ن بۆ ئە‌وە‌ی باشتر و زووتر خزمە‌تە‌كان پێشكە‌ش بە‌ ھاوڵاتیان بكرێن.