قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە کلێمێنس سێمتنەر کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا کۆمەڵێک پرسی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کران.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە 4/11/2021 لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران بە گرنگییەوە باسی لە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان وڵاتی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستانی کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم بەرچاوڕوونی دایە کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا و داوایکرد حکومەتی ئەڵمانیا زیاتر هاوکاری حکومەتی هەرێم بێت لە بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکانی چاکسازی لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە تەوەرەێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت لایەنە براوەکان هەرچی زووە بکەونە دیالۆگی بونیاتنەرانە لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە لە ئاستی چاوەڕوانی و داخوازییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.