قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندێكی بەریتانی كۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی لەگەڵ مارك برایسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی كونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە دیدارەكەدا کە ئەمڕۆ (21ی تشرینی یەكەمی 2021) لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەگەر و پێشهاتەكانی قۆناغی پاش هەڵبژاردن تاوتوێ كران، هەردوولا هاوڕابوون لەبارەی پێویستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی و دەستەبەركردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی لە رێگەی بەشداریكردنی سەرجەم پێكهاتە و ڕەنگە جیاوازەكان لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی داوایكرد بەریتانیا ڕۆڵی زیاتر بگێڕێت لە پاڵپشتیكردنی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان و لای خۆیەوە هەنگاوە تەكنیكییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕوونكردەوە لە بوارەكانی رێكخستنەوەی باج و رسومات لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی كە گرنگن بۆ پێشخستنی پرۆسەی حوكمڕانی.
شاندە بەریتانییەكە پابەندی وڵاتەكەیان دووپات كردەوە بە هاوكاریكردنی هێزە ئەمنییە عێراقییەكان لە نێویشیاندا پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش و مەترسییەكانی تیرۆر بە گشتی.