قوباد تاڵەبانی كارگەیەکی بەرھەمھێنانی ئاردی کردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەئامادەبوونی وەزیری دارایی و ئابووری و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لەچوارچێوەی پڕۆژەی نیشتمانی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران دا، كارگەی بەرھەمھێنانی ئاردی لە سلێمانی کردەوە.
لەو مەراسیمەدا ئەمڕۆ (19ی ئەیلولی 2021) قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵى خۆى نیشاندا کە لە ماوەیەکی کورتی چوار مانگەدا توانراوە کارگەکە تەواو بکرێت کە لە توانایدایە رۆژانە پێنج سەد تەن ئاردی خۆماڵی بە کوالێتی بەرزەوە بخاتە بازاڕەوە.
جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا نرخی ئارد بەهۆی گۆڕانکارییەکانی نرخی دراو و کێشەکانی هاوردەکردنەوە بەرزبووەوە، ئەوان لە حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ و کۆمپانیای قەیوان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم کارگەیە بەزوویی تەواوبکرێت تا کۆتایی بە نیگەرانی هاوڵاتیان بهێنرێت.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە لە ماوەیەکی کورتدا سەلماندی ئەگەر حکومەت و کەرتی تایبەت هەماهەنگ و هاوکاربن، دەکرێت لەماوەیەکی کورتدا دەسکەوتی گەورە بەدەست بهێنین. ئاماژەی بەوەشدا كە تەنها بە تەواوکردنی ئەم بەشەی پڕۆژەکە، توانراوە ٤٠٠ هەلی کار دابین بکرێت، بە تەواوبوونی کۆی پڕۆژەکەش پێنج هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دیکەش دەڕەخسێت.
لە بەشێکیتری وتارەکەیدا جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند لە ماوەی دوو ساڵی کابینەی نۆیەمدا مۆڵەت وەبەرهێنان بە ٨٦٠ پڕۆژەی گەورە و بچوک و مامناوەند دراوە کە زیاتر لە ٤٨ هەزار هەلی کار دەڕخسێنێنن. هەر لەم چوارچێوەیە ئاماژەی دا بە سێ پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران و پرۆژەی سلێمانی بیست بیست و پڕۆژەی کارگەی شەکری بیتوێن کە تەنها ئەم سێ پڕۆژەیە نزیکەی ١٨ هەزار هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنن.
لەبارەى سودی ئەم پرۆژە نیشتمانییە بۆ جوتیاران، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند چیتر جوتیاران نیگەرانی ساغکردنەوەی بەرهەمی گەنم نابن و چاو لەدەستی بەغدا نابن کە ئاخۆ چەندە گەنمیان لێ وەردەگرێت و کەی پارەی گەنمەکەیان بۆ خەرج دەکرێت.
لە بەشیکیتری وتارەکەیدا جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران باسی لەوەکرد کە خەریکە دەکەوینە سەر رێگە راستەکەی حکومڕانی، بەو متمانەیەی لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت دروست بووە، بەو چاکسازییانەی دەستمان پێ کردووە بۆ نەهێشتنی رۆتین و دەستێوەردان لەبازار و کاری بازرگانی و نەهێشتنی مافیاگەری و سەرانە وەرگرتن و هەروەها بەو کارئاسانییانەی لەمەودوا بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی دەکەین، لە داهاتووی نزیکدا پڕۆژەی زیاتر و گەورەتریش جێبەجێ دەکرێن کە هەلی کاری زیاتر دەڕخسێنن و ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات.