Skip to the content

قوباد تاڵەبانی پێشوازی كرد لە شاندێكی بەریتانی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی كرد لە دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و جەیمی هامیڵ ـ ی جێگری، لەبارەی كۆمەڵێك پرسی جێگە بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا ئەمڕۆ (14ی ئابی 2021) لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی وێڕای پیرۆزبایی لە ستافی نوێی كۆنسوڵخانەی بەریتانیا، داوای كرد كاربكەن لە پێناو دەستەبەركردنی پشتیوانی بەریتانیا بۆ پرۆسەی چاكسازی و پەرەپێدانی حوكمڕانی لە كوردستان بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو ڕێگەیەوە خزمەتگوزاری باشتر پێشكەش بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكرێت.

هەردوولا هاوڕابوون لەبارەی گرنگی هەڵبژاردنی 10ی مانگی داهاتوو، جەختیشیان كردەوە دەبێت بەشێوازێكی تەندروست و پاكوبێگەرد بەڕێوەبچێت. شاندە بەریتانییەكە ئامادەیی وڵاتەكەیان دەربڕی بۆ ڕەوانەكردنی چاودێر بۆ هەڵسەنگاندنی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێكردنی بەندو باوە یاسایی و دیموكراسییەكان.

قوباد تاڵەبانی داوایكرد بەریتانیا گەرمتر لەجاران پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بباتە پێشەوە، شاندەكەش پابەندی وڵاتەكەیان دووپات كردەوە بە درێژەدان بە هاوكارییەكان و پەیوەندییەكان و باشتركردنیان لە قۆناغی داهاتوودا بەتایبەت پاش كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە كۆتایی ئەم ساڵ.

جێگری سەرۆك وەزیران داوای لە كونسوڵخانەی بەریتانیا كرد لەسەردان و چالاكییەكانیاندا سەرجەم دەڤەر و ناوچە جیاجیاكان كوردستان بەسەر بكەنەوە و چالاكییەكانیان تەنها لە سەنتەری شارە گەورەكاندا چڕ نەكەنەوە، شاندەكەش بە گرنگییەوە پێشنیارەكەیان وەرگرت.