Skip to the content

قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە کێشەی کۆچبەران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یۆنان کۆبووەوە

هەولێر،هەرێمی كوردستان،عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە پەراوێزی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابوری دێلفی، سەبارەت بە کێشەی کۆچبەرانی کورد بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە نۆتیس میتراکی وەزیری کۆچ و پەنابەرانی یۆنان و فابریس لیگێری سەرۆکی ئاژانسی فرۆنتێکسی یۆنان لە یەکێتی ئەوروپا بۆ سنوور و پاسەوانیی دەریایی کۆبووەوە.

لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە ٩ی نیسانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوون، جێگری سەرۆک وەزیران نیگەرانی خۆی لە دۆخی کۆچبەرانی کورد لە سنوورەکانی یۆنان و یەکێتی ئەوروپا دەربڕی و داوایکرد بە شێوەیەکی مرۆڤدۆستانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەدا بکرێت.

جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لەوەکردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە جیاتی ئەوەی بودجەیەکی زۆر بۆ تۆکمەکردنی سنوورەکان تەرخان بکەن، باشترە بیر لەوە بکەنەوە کە هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنن. لەڕێی وەبەرهێنان و کاری هاوبەشی ئابورییەوە جگە لەوەی دەکرێت بەشێوەیەکی بەرچاو کێشەی کۆچ کردن بەرەو ئەوروپا چارەسەر بکرێت، بەڵکو لەڕووی ئابورییشەوە لە بەرژەوەندی وڵاتانی ئەوروپادایە.

لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لە داهاتوودا کاری هاوبەش بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە کە بوونەتە هۆی رووتاندنەوە و تەنانەت کوشتنی کۆچبەران لەسەر سنوورەکان.

هەر لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی یۆنانی و یەکێتی ئەوروپا کرد کە؛ ئاسانکاری زیاتر بکرێت لە پێدانی ڤیزە بە هاوڵاتیانی کوردستان و پرۆسەی سەفەری یاسایی ئاسانتر بکرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان چیتر بیر لە ڕێگەی قاچاخ بۆ کۆچکردن نەکەنەوە.

لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سە‌رۆكایە‌تی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و دابان شەدەڵە جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم یاوەری قوباد تاڵەبانی بوون.