قوباد تاڵەبانی لەگەڵ دیمیتریس ئاڤرامۆپۆلۆس کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابوری دێلفی لەگەڵ دیمیتریس ئاڤرامۆپۆلۆس کەسایەتی ناوداری سیاسیی یۆنان و یەکێتی ئەوروپا و وەزیری پێشووی دەرەوە و بەرگری ئەو وڵاتە و پارێزگاری پێشووی ئەسینا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە ٧ی نیسان بەڕێوەچوو، تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان کرا و جەخت لەسەر گرنگیدانی زیاتر کرا لەبواری دیپلۆماسی نێوان هەردوو لا، بە تایبەتیش باس لە کۆمەڵێک بیرۆکە کرا سەبارەت بە گواستنەوەی ئەزمونی یۆنان لەڕووی کەرتی گشتیارییەوە.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستی هاندانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی یۆنانی و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند حکومەتی هەرێم هەموو جۆرە کارئاسانییەک دەکات بۆ ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانە کە بێنە هەرێم لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاریدا وەبەرهێنان بکەن.