قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی یۆنان کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ یۆنان بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابوری دێلفی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەندۆنیس گیۆرگیادیس وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد لە بوارەکانی وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و پیشەسازی خۆراکدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی ھەینی ٨ی نیسان بەڕێوەچوو، باس لەوەکرا کە کوردستان و یۆنان لەڕووی کلتورییەوە لێکنزیکن هەربۆیە دەتوانرێت بە تایبەتی لەبواری گەشتوگوزاردا وەبەرهێنان و کاری هاوبەش بکرێت.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە هاندان و کارئاسانی بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی یۆنانی کرا کە بە هاوکاری کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی کورد لە بوارەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراکدا وەبەرهێنان بکەن و لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئامادەیی تەواوی حکومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ کارئاسانیکردن بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی یۆنانی.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان کوردستان و یۆنان و لەمبارەیەوە وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی یۆنان رایگەیاند هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و کۆمپانیاکانی فرۆكەوانی دەکەن هەم بۆ پێدانی ڤیزە بە هاوڵاتیانی کوردستان و هەم بۆ دەستپێکردنی هەرچی زووتری گەشتی راستەوخۆ لەنێوان کوردستان و یۆناندا.
ئەندۆنیس گیۆرگیادیس ئاماژەی بەوەشدا کە سەردانی کوردستانی کردوە و سەرسامە بە جوانی سروشتی کوردستان و کوردستان وەک سویسرای ناوچەکە سەیر دەکات، هەربۆیە دەتوانرێت هەرێمی کوردستان ببێتە هەرێمێکی گەشتیاری لە هەموو ناوچەکەدا.
جەختیشی لەوە کردەوە كە هانی کۆمپانیا یۆنانییەکان دەدەن بۆ وەبەرهێنان لە ھەرێمی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی سوپاسی هەڵوێست و تێگەیشتنی وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی یۆنانی کرد بۆ کوردستان و باسی لەوەشکرد کە راستە ئێمە نەوت و گازمان هەیە، بەڵام پلانی حکومەتی هەرێم بۆ لەمەودوا ئەوەیە زیاتر گرنگی بە گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی بدات و بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە کارئاسانی بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە بیانییەکان لە پلانماندایە سیستمی بانکی لە کوردستان رێک بخەینەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا هەر یەکە لە ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و دابان شەدەڵە جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم یاوەری قوباد تاڵەبانی بوون.