Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ یۆنان بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابوری دێلفی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لەگەڵ ڤاسیلیس کیکیلیاس وەزیری گەشتوگوزاری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی ھە‌ینی ٨ی نیسان بەڕێوەچوو، تاوتوێی چۆنییەتی دروستکردنی ژێرخانی گەشتوگوزار لە کوردستان و کاری هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان کرا بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان بە وردی باسی ئەزمونی وڵاتەکەی کرد کە چۆن لە سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠وە دەستیان کردوە بە بونیادنانی ژێرخانی گەشتوگوزار و ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لە دانانی پلانی ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار.

هەر لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە گەشتوگوزارییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان، تاوتوێی دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان کوردستان و یۆنان کرا تا هاوڵاتیانی هەردوولا بتوانن بە مەبەستی گەشتیاری سەردانی یەکتر بکەن.

هەر یەکە لە؛ دكتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە‌شدار بوون لە‌م كۆبوونە‌وە‌یە‌.