قوباد تاڵەبانی: ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بارگرانی قەیرانی گاز لە چەندین ناوچەی جیھان چارەسەر بکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆڕبەندی ئابورى دێڵفى لەیۆنان، قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران، ئەمڕۆ ٩/٤، رایگەیاند: ئەو قەیران و گرفتانەى کەرووبەرووى هەرێمی کوردستان بۆتەوە بەهەوڵى تاکەکەسی چارەسەر ناکرێت چونکە کێشە نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییان لەسەر هەمووانە بۆیە گرنگە سود لەئەزمون و شارەزایی یەکتر ببینین.
وتیشی: هەمووان باس لەگۆڕانکارى کەشووهەوا دەکەن، راستە ئێمە لەهەرێمی کوردستان هۆکارى گۆڕانی کەشوهەوا نین، بەڵام کەوتوینەتە ژێر گۆڕانکارییەکانییەوە، ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەش کە رووى کردۆتە هەرێمی کوردستان نمونەیەکی زیندووە.
جێگرى سەرۆک وەزیران وتیشی: عێراق هێشتا لەجەنگدایە و قەیرانەکانی چارەسەر نەکراوە، نزیكی حەوت مانگ لەمەوبەر هەڵبژاردنمان کرد، بەڵام تا ئێستاش نزیک نەبووینەتەوە لەپێکهێنانی حکومەت.
قوباد تاڵەبانی لەدرێژەى وتەکانیدا رایگەیاند: کوردستان هەرێمێکی سەقامگیرترە، لەهەمان کاتدا رووبەڕووى ئاستەنگ و قەیرانەکان بەتایبەت قەیرانی دارایی بۆتەوە.
جێگرى سەرۆک وەزیران بەسەرسوڕمانەوە باسی لەوە کرد کە یەکێک لەو بابەتانەى لەپانێڵەکانی کۆڕبەندی ئابورى دێڵفی دا بەدی نەکردوە و باس نەکراوە بابەتی حوکمڕانی بووە. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: گەندەڵى جێى نابێتەوە ئەگەر حوکمڕانێکی باش هەبێت و شەفافیەت هەبێت و خزمەتگوزارییەکان بگاتە دەست هاوڵاتیان.
ھەر لەمبارەیەوە وتی: خۆشحاڵم یۆنان توانیویەتی رووبەرووى ئاڵنگارییەکانی ببێتەوە و زۆربەى دامەزراوەکانی بەدیجیتاڵى بکات ئەمەش وادەکات شەفافتر بێت، لەم چوارچێوەیەشدا دەتوانین سود لەئەزمونی یۆنان ببینین، بەتایبەت لەبوارى گەشتیارییدا، هەرێمی کوردستان خاوەنی چەندین دیمەنی سروشتی و دڵڕفێنە، بەڵام دەبێ سوود لەئەزمونی وڵاتان و کەسانی شارەزا ببینین و خۆمان لەنەفرەتی نەوت رزگار بکەین.
جێگرى سەرۆک وەزیران وتیشی: لەرووى کشتوکاڵییشەوە ئێمە خاوەن خاکێکی بەپیتین و بەگرتنەبەرى ستراتیژێکی راست و دروست دەتوانین نەک تەنیا خۆراک بۆ 6 ملیۆن هاوڵاتى خۆمان یان 40 ملیۆنەکەى عێراق دابین بکەین، بەڵکو دەتوانین بۆ تەواوی بازاڕێکی فراوانتر خۆراک دابین بکەین بەتایبەت ئەوانەى بەهۆى شەڕەوە زیان بەر ئاسایشی خۆراکییان کەوتوە.
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی راگەیاند؛ ئێمە لەهەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەکی گەورەى نەوتین، هیچ گومانی تێدا نیە هەرێمی کوردستان دەتوانێ بارگرانی قەیرانی گاز لەچەندین ناوچەى جیهان چارەسەر بکات، بەڵام بەر لەهەموو شتێک دەبێ چارەسەرى ناکۆکی سیاسی بکرێت لەنێوان بەغداو هەولێر، و ئەوەى پەیوەندیدارە بەووزە و نەوت و غازەوە چارەسەر بکرێن بەتایبەت کە بەم دواییانە دادگاى فیدراڵى بڕیارێکی دەرکرد و خەڵکی هەرێمی کوردستانی نیگەران کرد، بەڵام لەهەمان کاتدا بەشوێن دەرفەتێک دەگەڕێیین ئەم کێشانە چارەسەر بکەین لەگەڵ بەغدا و هەرێمی کوردستان بکەینە لایەنێکی کارا.