چەند پڕۆژەیەكی گەشتوگوزاری لە دوكان جێبەجێ دەكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی، جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە قەزای دوکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەبارەی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار و بڕیاردرا كار ئاسانی بكرێت بۆ جێبەجێ كردنی سێ پڕۆژەی گەشتیاری لە دەڤەرەکە.
لە کۆبوونەوەکە کە رۆژی یەک شەمە ١٧ی نیسان بەڕێوەچوو و ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، گرفتەکانی بەردەم گەشەکردنی گەشتوگوزار لە قەزای دوکان و چۆنییەتی چارەسەر کردنی ئەو گرفتانە تاوتوێ کران.
جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لە پاڵپشتی حکومەت بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار کردەوە و داوای لە کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران کرد پلان و پڕۆژەی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتوگوزار پێشکەش بکەن.
هەروەها داوای لە دەستەی گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کارئاسانی تەواو بکەن بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت لە کەرتی گشتوگوزاردا وەبەرهێنان بکەن.
لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی کێشەی ئەو زەوی و زارانە کرا کە بڕیارە پڕۆژە گەشتیارییەکانی تێدا جێبەجێ بکرێت و بڕیاردرا؛ ئەو کێشەیە بە شێوەیەکی یاسایی و بە جۆرێک چارەسەر بکرێن کە خاوەن زەوییەکان سودمەندبن لەوەی زەوییەکانیان بۆ پڕۆژەی گەشتیاری بەکاربهێندرێت.
هەر بە مەبەستی پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار لە قەزای دوکان بڕیارە ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی چەند کۆبوونەوەیەکیتر بکات لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.