قوباد تاڵەبانی: بەردەوام بن لەچاکسازی ئیداری لەپێناو باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەرۆکایەتی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەکانی سەر بە دیوان کۆبۆوە و داوای لێکردن بەردەوام بن لەچاکسازی ئیداری لەپێناو باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان.
لەکۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ 2022/8/1 لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی کردن لەپای سیستەمی کار و چۆنیەتی ڕاپەڕاندنی ئەو مامەڵانەی ئاڕاستەی دیوان دەکرێن.
جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەشدا کە سیستەمی کارکردن لەناو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم پێویستی بەچاکسازی بەردەوام هەیە و داوای لە سەرۆکی فەرمانگەکان کرد کە بەردەوام بن لەو چاکسازییە بۆ ئەوەی بتوانن بەزوترین کات مامەڵەی هاوڵاتیان ڕاپەڕێنن و خزمەتەکان پێشکەشی خزمەتخواز بکرێت بە ئاسانترین وباشترین شێوە.
جەختیشی کردەوە کە؛ یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی هەرێم نەهێشتنی رۆتینە لەدامودەزگاکاندا و لەوپێناوەشدا پڕۆژەی خزمەتمان سەرپێ خستووە کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو پڕۆژەیە نەهێشتنی رۆتینە.
دواتر دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان و سەرۆکی فەرمانگە و بەڕێوبەرەکان، تێبینی و پێشنیارەکانیان خستەروو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە وپێکەوە پلانی چارەسەر کردنیان بۆ ئامادەکرد.