قوباد تاڵەبانی: پۆرتاڵی خزمەت هەنگاوێکی گرنکە بەرەو حکومەتی ئەلەکترۆنی
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە ئێرڤن هیکس کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا تاوتوێ کرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەمە 24ی ئابی 2022 بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران، بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە، پیرۆزبایی لە کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا کرد و هیوای خواست لە ماوەی کارکردنیدا لە کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی پۆرتاڵی خزمەت کرا کە پرۆژەیەکی حکومەتی هەرێمە و زیاتر لە 400 جۆر خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت، لەمبارەیەوه قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا پۆرتاڵی خزمەت هەنگاوێکی گرنگه بە ئاراستەی حکومەتی ئەلەکترۆنی و کارئاسانییەکی باش بۆ هاوڵاتیان دابین دەکات. ئەمە جگە لەوەی رێگری لەگەندەڵی دەکات.
لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی پرۆسەی ریفۆرم و هەنگاوکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم کرا، قوباد تاڵەبانی داوایکرد ئەمریکا زیاتر هاوکاربێت لە بەرەپێشبردنی پرۆسەی ریفۆرم لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتیش ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە لایەنە عێراقییەکان لەڕێی گفتوگۆوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و رێگە نەدەن ناکۆکییەکان وڵات بەرەو ناسەقامگیری زیاتر ببات.