قوباد تاڵەبانی: باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان داواکاری سەرەکی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیشە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کوی ووی باڵیۆزی نوێی چین لە عێراق رایگەیاند راستە لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ململانێ و کێشە سیاسی گەورە هەیە، بەڵام لە سەرووی ململانێ سیاسییەکانەوە، کێشەی سەرەکی خەڵک کێشەی کەمی خزمەتگوزارییە و داوای خزمەتگوزاری باشتر دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا کۆنسوڵی چین لە هەولێریش ئامادەبوو، کوی ووی باڵیۆزی چین خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند پێشوازی دەکەن لەوەی لەهەردوو بواری ئابوری و کلتورییەوە پەرە بە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان بدرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند لە ئێستادا داواکاری یەکەمی خەڵکی کوردستانیش باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکانە و کەمتر گرنگی بە کێشە سیاسییەکان و ململانێی سیاسیی نێوان لایەنەکان دەدەن. ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێم لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەڕووی چاکسازییەوە هەنگاوی گرنگی ناوەوە و قۆناغی باشیشی بڕیوە بەرەو حکومەتی ئەلەکترۆنی، بەڵام ئەم هەنگاوانە لەئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نەبووە و خەڵک خزمەتگوزاری باشتر و رێگاوبانی باشتر و هەلی کاری زیاتری دەوێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند هەرێمی کوردستان ژێرخانی ئابورییەکی بەهێزی نییە، هەربۆیەشە گەشەپێدانی ئابوری بە خاوی دەچێتە پێشەوە. داوایکرد کۆماری چین لەمڕووەوە هاوکار و یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بێت، بە تایبەتیش هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانی بدات لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵدا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن. ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەک بۆ ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی چین کە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستی دروستکردنی پەیوەندیی و هەماهەنگی لەنێوان زانکۆکانی چین و هەرێمی کوردستانی کرد و داوایکرد لە زانکۆکانی چین دەرفەتی زیاتر بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.