قوباد تاڵەبانی بڕوانامەی رێزلێنانی بەخشیە بەشداربووانی فیستڤاڵی تێک فێست
هەولێر ، هەرێمی کوردستان ، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران لە مەڕاسیمی بەخشینی بڕوانامەى رێزلێنان بەبەشداربووانی فیستڤاڵی تێک فێست، رایگەیاند: نەوت و گاز هەمیشەیی نیە و رەنگە لەئایندەدا نەمێنێت ئەوکات زیاتر پێویستمان بەداهێنانی تەکنەلۆژیا دەبێت.
لەمەڕاسیمەکەدا کەلەلایەن رێکخراوی پەرەپێدانی بیری نوێ وبەشی گەنجانی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران رێکخرابوو و ئەمڕۆ پێنج شەممە ١١/٨ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: کاتێ باسی داهێنانی تەکنەلۆژیا دەکەین بیرمان دەچێ بەلاى وڵاتە پێشکەوتوەکان، بەڵام ئێوە ئەوەتان رەتکردۆتەوە و سەلماندووتانە کەگەنجەکانی خۆمان، کوڕان و کچانی کوردستان دەتوانن داهێنەربن.
وتیشی: دەرفەتێکمان بۆ رەخساوە کەببینە ناوەندێک بۆ داهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ کوردستان و عێراق و ناوچەکە، چونکە کۆمەڵگایەکی گەنج و توانایەکی مرۆیی بەهێزمان هەیە و بەلاى کەمەوە دەتوانین ببینە ناوەندێک بۆ داهێنانی تەکنەلۆژیا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران جەختی کردەوە کە بازارى کوردستان بازارێکی فراوانە و دەرفەتێکی گەورەیان لەبەردەستدایە، چونکە تەکنەلۆژیا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دروستکردنی ئابورییەکی بەهێز لەکوردستان، وتیشی: بۆ ئەمەش هاوکارتان دەبین و هانی کۆمپانیا گەورەکان دەدەین تا پشتیوانتان بن.
قوباد تاڵەبانی بەبەشداربوانی تێک فێستى راگەیاند: داهێنانەکانتان رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لەبەهێزکردنی کەرتى تایبەت و زیادکردنی هەلى کار چونکە دەزانین نەوت و گاز هەمیشەیی نیە و رەنگە لەئایندەدا نەمێنێت ئەوکات زیاتر پێویستمان بەداهێنانی تەکنەلۆژیا دەبێت.
هەر لەبارەى گرنگی تەکنەلۆژیاوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەى بەکاریگەریی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا و ژینگە کرد و وتی: کاتێ کەدەڵێین دەمانەوێ کوردستان سەوز بکەینەوە خۆمان لەبەردەم تەحەدایەکی گەورەدا دەبینینەوە کە وشکەساڵییە و دەشزانین کەناتوانین بەسیاسەتی کۆن تێى پەڕێنین و پێویستمان بەداهێنانە لەبواری ئاودێرى و بیرۆکەی نوێ بەپشتیوانی تەکنەلۆژیا.
لەکۆتایی وتەکانیدا قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران دووپاتی کردەوە کە؛ دەکرێ سەرەڕم بن بۆ رووبەرووبونەوەى رکابەرییەکان و چارەسەرى ئەو بۆشاییانەى ئەمرۆ هەن لەبەرێوەبردن و سستمی موچە و دابەشکردنی، لەوبارەیەوە پشتیوانی خۆی بۆ دووپاتکردنەوە و پێی راگەیاندن؛ بەهیوام ساڵ لەدواى ساڵ داهێنانتان زیاتر بێت تا ببێتە پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ سلێمانی و لەئایندەشدا ببێت بەفێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی.