قوباد تاڵەبانی بۆ دەستەی گەشتوگوزار: ئاسانکاری بکرێت بۆ کەرتی تایبەت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی دەستەى گەشتوگوزارى کرد لەهەولێر و لەکۆبونەوەیەکدا جەختی لەسەر گرنگی پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار کردەوە لەگەڵ بونی زەمینەى لەبار بۆ بەرەوپێشبردنی لەهەرێمی کوردستان.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەى گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی سەر بەدەستەکە ئامادەى بوون، گفتوگۆکرا لەبارەى رەوشی ئێستاى گەشتوگوزار و ئامادەکاریی و پلانەکانیان بۆ چۆنێتی بەرەوپێشبردنی لەهەرێمی کوردستان.
لەوچوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ئاماژەى بەوەدا کەزەمینەیەکی لەبار هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی گەشتوگوزار لەهەرێمی کوردستان و جەختی لەوەکردەوە کە؛ دەبێ پلان هەبێت تا گەشتوگوزار بکرێتە ئامرازێک بۆ زیادکردنی داهات بۆ کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتیش، چونکە کەرتی تایبەت دەتوانێ هاوکارێکی باش بێت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار لەهەرێمی کوردستان.
هەر لەو بارەیەوە جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ئاماژەى بەوەشدا کە یەکێک لەئەولەویەتەکانی حکومەت پێشخستنی ئەو کەرتەیە و پلانی هەیە بۆ ئەم بابەتە، و سوپاسی دەستەى گەشتوگوزاریشى کرد کەلەماوەى رابردوودا پلانی خۆیان خستۆتەروو بۆ ئەو مەبەستە و ئەوان هاوکاریان دەبن لەجێبەجێ کردنی.
قوباد تاڵەبانی دووپاتی کردەوە کە؛ دەبێ گەشتوگوزار کاربکات بۆ راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران، بۆ ئەو مەبەستەش داوایکرد ئاسانکارى بکرێت بۆ کەرتی تایبەت تا وەبەرهێنان بکەن لەبوارەکەدا، وتیشی: پێویستە لەسەر ئاستی پەروەردە و خوێندنى باڵا گرنگی بدرێت بە پێگەیاندنی کادری پێویست بۆ پەرەپێدانی ئەو کەرتە گرنگە.