Skip to the content

قوباد تاڵەبانی بۆ دەستەی گەشتوگوزار: ئاسانکاری بکرێت بۆ کەرتی تایبەت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی دەستەى گەشتوگوزارى کرد لەهەولێر و لەکۆبونەوەیەکدا جەختی لەسەر گرنگی پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار کردەوە لەگەڵ بونی زەمینەى لەبار بۆ بەرەوپێشبردنی لەهەرێمی کوردستان.

‎لەو کۆبوونەوەیەدا کە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەى گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی سەر بەدەستەکە ئامادەى بوون، گفتوگۆکرا لەبارەى رەوشی ئێستاى گەشتوگوزار و ئامادەکاریی و پلانەکانیان بۆ چۆنێتی بەرەوپێشبردنی لەهەرێمی کوردستان.
لەوچوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ئاماژەى بەوەدا کەزەمینەیەکی لەبار هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی گەشتوگوزار لەهەرێمی کوردستان و جەختی لەوەکردەوە کە؛ دەبێ پلان هەبێت تا گەشتوگوزار بکرێتە ئامرازێک بۆ زیادکردنی داهات بۆ کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتیش، چونکە کەرتی تایبەت دەتوانێ هاوکارێکی باش بێت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار لەهەرێمی کوردستان.

‎هەر لەو بارەیەوە جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ئاماژەى بەوەشدا کە یەکێک لەئەولەویەتەکانی حکومەت پێشخستنی ئەو کەرتەیە و پلانی هەیە بۆ ئەم بابەتە، و سوپاسی دەستەى گەشتوگوزاریشى کرد کەلەماوەى رابردوودا پلانی خۆیان خستۆتەروو بۆ ئەو مەبەستە و ئەوان هاوکاریان دەبن لەجێبەجێ کردنی.

‎قوباد تاڵەبانی دووپاتی کردەوە کە؛ دەبێ گەشتوگوزار کاربکات بۆ راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران، بۆ ئەو مەبەستەش داوایکرد ئاسانکارى بکرێت بۆ کەرتی تایبەت تا وەبەرهێنان بکەن لەبوارەکەدا، وتیشی: پێویستە لەسەر ئاستی پەروەردە و خوێندنى باڵا گرنگی بدرێت بە پێگەیاندنی کادری پێویست بۆ پەرەپێدانی ئەو کەرتە گرنگە.