قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی ئەڵمانیای کرد لە پشتگیریکردنی پرۆسەی ریفۆرم لە هەرێمی کوردستان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کلێمێنس سێمتنەر کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، ستایشی رۆڵی ئەو وڵاتەکەی کرد لە پشتگیریکردن و هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەی ریفۆرم و بە تایبەتیش ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ٣ی ئابی ٢٠٢٢ لە هەولێر بەڕێوەچوو، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی وەک کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم، جێگری سەرۆک وەزیران رۆڵی کلێمێنس سێمتنەری لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا لە بوارە جیاوازەکاندا پێشکەوتنی زیاتریش بە خۆیەوە ببینێت.
قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی ئەڵمانیاشی کرد کە بە درێژایی چەند ساڵی رابردوو هاوکار و پشتیوانی پرۆسەی ریفۆرم بووە لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش رۆڵی ئەو وڵاتەی لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق کرا و هەردوولا نیگەرانی خۆیان لە قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لە بەغدا دەربڕی و هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە عێراقییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق دۆخەکە هێور بکەنەوە و لەڕێگەی گفتوگۆی نیشتمانییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بدەن.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیش هەردوولا هاوڕابوون لەم قۆناغەدا کە عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت پێویستە لایەنە کوردستانییەکان هەستیاری دۆخەکە لەبەرچاو بگرن و بە یەکڕیزی و یەک گوتاری لە بەغدا هەوڵی پاراستنی مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان بدەن.