Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر چاکسازییەکانی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بنەمای کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خزمەتکردن و چاکسازییە. لەو چوارچێوەیەدا بەندە و نووسینگەکەم، دەستمان بۆ چەند مەلەفێک بردووە کە خزمەت بەو ئامانجە دەگەیەنێت.
بەردەوام بووین لە جێبەجێکردنی پڕۆگرامی بایۆمەتری کە لەم کابینەیەدا بە خۆشحاڵییەوە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریمان دەستپێکرد. قۆناغی دووەمی بایۆمەتری بریتییە لە ڕێکخستنەوەی میلاکاتی هەموو حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا بۆ هەر مووچەخۆرێکی هەرێمی کوردستان ژمارەی کەسی بێهاوتامان پێشکەش کرد. ئەو ژمارەیە دەبێتە دەستپێک بۆ حکومەتێکی ئەلیکترۆنی، کە سبەینێ هەر مووچەخۆرێک بتوانێت لە ڕێگەی ئەو ژمارەیەوە چەندین خزمەتگوزاری پێ بگات.
ئێمە کە بەرەو حکومەتێکی دیجیتاڵی دەڕۆین، ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکەین، باشتر و خێراتر و شەفافتر دەبن. لەو پێناوەشدا بەرنامەی خزمەت کە بەرنامەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەم کابینەیەدا پەرەی پێدرا. بەرنامەی خزمەت پێکهاتووە لە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە حکومەت پێشکەشی هاووڵاتیانی دەکات، کە تاکو ئێستا زیاتر لە ٤٩٠ خزمەتگوزاریی تاک و تایبەت لەنێوان حکومەت و هاووڵاتیدا هەیە. داوامان لە هەموو وەزارەتەکان کردووە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن، تاکو ئەو خزمەتگوزارییانە خێراتر و شەفافتر و باشتر بە هاووڵاتیان بگەیەنرێت. ئەم خزمەتگوزارییانە کە لە لە پۆرتاڵی خزمەت کۆکراونەتەوە، هەموو یەکسان کراون، تاکو خزمەتێک لە دهۆک بە هەمان شێوەی سلێمانی پێشکەش بکرێت. ئەمڕۆ ئەو پۆرتاڵە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لە ئینتەرنێتدا، لەژێر ناونیشانی خۆیدا بەردەستە. ئەم بەرنامەیە دەبێتە دەستپێکێک بۆ حکومەتێکی ئەلیکترۆنی و گەیاندنی هەندێک خزمەتگوزاری لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە، کە ڕۆتین کەم دەکاتەوە و شەفافییەت زیاد دەکات.
هەر لە چوارچێوەی پڕۆگرامی خزمەت، پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەریمان بە شێوازی تۆماری کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستاندا کردووە. پێشتر پڕۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز و دەستی هەبووە کە ئێستا بە دیجیتاڵکردنی ئەم پڕۆسەیە توانیومانە تۆماری کۆمپانیا بە خێرایی بگەیەنرێت، ئەمەش نەک تەنیا ڕۆتین کەمدەکاتەوە، هەنگاوێکی گرنگیشە بۆ بەهێزکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
ئەمانە بەشێكن لەوچاکسازییانە، بەڵام کۆتاییان نایەت. بەهاوکاریی چەند وەزارەتێکی دیکە چاکسازیی تریشمان ئەنجامداوە، کە خزمەتێکی باشتر دەگەیەنن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
هەموومان دەزانین کە ناهاوسەنگییەک هەیە لەنێوان ئەو ئیمتیازانەدا کە لە کەرتی حکومەت و کەرتی تایبەتدا هەن، بۆیە بە پەسەندکردنی یاسای کار، ئێمە بەشێک لەو ناهاوسەنگییەمان ڕێکخستووەتەوە. ئەمڕۆ لە ژێر چەتری یاسای کاری نوێی هەرێمی کوردستان، ئیمتیازێکی زیاتر دەدرێت بەو کارمەندانەی کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن و لە هەمان کاتیشدا مافیان پارێزراوە.
لە پاڵ یاسای کار، ئیشمان بۆ پەسەندکردنی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کردووە. ئەمەش لە هەمان کاتدا پاراستنێک دەبێت بۆ ئەو کارمەندانەی کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن و بۆ ئەو کەسانەشی کە لە خوار ڕێژەی هەژاریدان.
بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان بینیومانە ڕێژەکانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان زیادیان کردووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زیاتری بە ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان داوە.
هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان پەسەند کردووە. گرنگییەکی زیاتر و هێزێکی زیاترمان بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ژنان داوە. پشتیوانیی زیاتری هێزە ئەمنییەکان و دادگاکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی دیاردەی توندوتیژی دژی خێزان کردووە. ئێمە ڕاستە حکومەتێکی تۆکمەمان پێویستە، حکومەتێکمان پێویستە کە ڕێنماییەکانی ئاسان بن و جێبەجێبکرێن و کارا بین و کاریگەر بین، بەڵام ئێمە هەموومان دەمانەوێت لە کوردستانێکدا بژین کە شانازی پێوە بکەین. بۆیە پاراستنی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ئەولەویەتەکان و هەموومان کاری لە پێناودا دەکەین.
بۆیە دوای سێ ساڵ کارکردن لە کابینەی نۆیەم، دەتوانم بڵێم کە ئەنجامی باشمان داوە، لە پێناو خزمەتکردن و لە پێناو چاکسازی. بەڵام زۆر کاریش ماوە کە بکرێت. لەبەر ئەوە ئێمە لەو ساڵەی کە ماومانە، هەموو هەوڵێکی خۆمان بۆ تەواوکردنی ئەو چاکسازییانە و دەستپێکردنی چاکسازی دیکە تەرخان دەکەین، کە بتوانین پێکەوە باشتر خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین و حکومەتەکەمان کاراتر و باشتر بکەین.