Skip to the content

پەیکەری ئە‌نجومە‌نی راژە‌ی فە‌رمانبە‌رانی حكومە‌تی ھە‌رێم پەسەندکرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆك وە‌زیران سە‌رپە‌رشتی كۆبوونە‌وە‌یە‌كی كرد كە‌ تایبە‌ت بوو بە ئە‌نجومە‌نی راژە‌ی فە‌رمانبە‌رانی حكومە‌تی ھە‌رێم و تێیدا پەیکەری ئەنجومەنەکە پەسەند کرا.

لە‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا كە‌ ئەمرۆ ١٩/٧/٢٠٢٢ لەهەولێر بە‌ڕێوە‌چوو، و ھە‌ریە‌كە‌ لە‌ رێباز حە‌ملان یاریدە‌دە‌ری سە‌رۆكی حكومە‌ت بۆ کاروباری ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان و ئەنجومەنی گشتی راژە و دكتۆر ئومێد سە‌باح سە‌رۆكی دیوانی سە‌رۆكایە‌تی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران ئامادە‌ی بوون، هەڵسەنگاندن کرا بۆ بڕیارەکانی کۆبونەوەی پێشوو لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی.

هاوکات گفتوگۆ كرا لە‌بارە‌ی چۆنییە‌تی کارو رۆڵی ئەنجومەنی گشتی راژەو رێکخستنەوەی میلاکات، ئاماژە بەوەشکرا کە یەکێک لەئامانجەکانی ئەم ئەنجومەنە پەرەپێدانی ژێرخانی حکومەتە لە‌پرسی رێکخستنەوەی میلاکات و درێژەپێدانی ریفۆرمی ئیداریی و رێکخستنی پلەبەندی راژەی فەرمانبەران لە کەرتی گشتی بە پێی پێویستی و پسپۆڕییان و دیاری کردنی پلە و وەسفی وەزیفی فەرمانبەران لەناو دامەزراوەکانی حکومەت پشت بەست بە میلاكاتی ئە‌لكترۆنی کە بڕیارە دروستبکرێت.

ھە‌روە‌ھا لە‌كۆبوونە‌وە‌دا جە‌ختكرایە‌وە‌ کە لەڕێی ئەنجومەنی راژەوە کاربکرێت لەسەر چۆنییە‌تی راگرتنی ھاوسە‌نگی كارگێڕی و رێکخستنەوەی ھە‌یكە‌لیە‌ت و دووبارە دابەشکردنەوەی فەرمانبەران بەسەر وەزارەت و داموودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زانستی و گونجاوتر.

هەر لەکۆبونەوەکەدا هەیکەلیەتی ئەنجومەنی راژە پەسەند کرا و بڕیاردرا کەدەست بکرێ بەپڕکردنەوەی پەیکەرەکە لەچوارچێوەی یاسای چاکسازی دا.