قوباد تاڵەبانی: لە دانووستانەکانی ئەمجارەماندا بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازات ئەولەوییەت نییە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مارتین جایگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق رایگەیاند لە دانووستانەکانی ئەمجارەیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق جیاوازە و وەرگرتنی پۆست و ئیمتیاز ئەولەوییەت نییە بەڵکو ئەولەوییەت مەرجە سیاسی و ئابوری و ژینگەییەکانە.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری کە رۆژی سێ شەمە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و پرۆسەی دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کرا و جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکان بە یەکدەنگی و بە پڕۆژەی هاوبەش بچنە دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتەوە.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند بە داخەوە لە رابردوودا دانووستانەکان زیاتر لەسەر وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازات چڕکرابووەوە، بەڵام ئەمجارەیان پرسە سیاسی و ئابوریی و ژینگەییەکان ئەولەوییەتی دانووستانەکانیانە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی حکومڕانی و پرۆسەی ریفۆرم لە هەرێمی کوردستان کرا و جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد حکومەتی ئەڵمانیا زیاتر هاوکاری حکومەتی هەرێم بێت بە تایبەت لەڕووی ڕاوێژکارییەوە و لە بوارە جیاوازەکاندا کەسانی پسپۆڕ بنێرێتە کوردستان.
لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی وزەی پاک کرا لە کوردستان و قوباد تاڵەبانی داوایکرد حکومەتی ئەڵمانیا لەمبارەیەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات. لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزی ئەڵمانیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە پرسی ژینگە و سۆلارسیستم لەم دوایانەدا لە کوردستان گرنگی پێ دەدرێت و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی لەمبارەیەوە هاوکاری حکومەتی هەرێم بکات.