Skip to the content

قوباد تاڵەبانی بڕوانامەی رێزلێنانی پێشکەش بە چوار لە سەرۆک زانکۆکانی کوردستان کرد

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە سەرۆکی زانکۆکانی سلێمانی و پۆلیتەکنیکی سلێمانی و کۆیە و چەرمو و بڕوانامەی رێزلێنانی پێشکەش کردن.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە رۆژی سێ شەمە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی هەر چوار سەرۆک زانکۆکەی کرد کە سەرباری ئەوەی لە کاتێکی هەستیار و قەیرانی داراییدا ئەرکەکانیان لە ئەستۆ گرت، بەڵام سەرکەوتووانە توانیان ئیدارەی زانکۆکانیان بکەن و جێی متمانەی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ بوون.
قوباد تاڵەبانی داوای لێ کردن لەگەڵ ئەوەی لە ئەرکەکانیاندا نەماون، بەڵام یارمەتیدەر و هاوکاری سەرۆکە نوێیەکانی زانکۆکانیان بن، چونکە سەرۆکە نوێیەکان پێویستیان بە ئەزمون و هاوکاری ئەوان هەیە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران لە پای کار و خزمەتەکانیان بڕوانامەی رێزلێنانی پێشکەش بە هەر چوار سەرۆک زانکۆکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە وێستگە و قۆناغە نوێیەکانی کاری زانستیاندا.
لەبەرامبەردا هەریەک لەدکتۆر رەزا حسێن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و دکتۆر ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و دکتۆر وەلی مەحمود سەرۆکی زانکۆی کۆیە و دکتۆر سەلاح رەزا سەرۆکی زانکۆی چەرمو سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو رێزلێنانە دەربڕی.