قوباد تاڵەبانی: تەنها بە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری دەتوانین پێش بە کۆچی گەنجان بگرین
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی بریتانیا سەبارەت بە کۆچی گەنجان و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی تاوانکاری و قاچاخچێتی مرۆڤ و مادەی هۆشبەر کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە ٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو و هەریەکە لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و دەیڤید هانت کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر ئامادەبوون، باس لە پێویستی هاوکاری نێودەوڵەتی کرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی تاوانکاری و قاچاخچییەکانی مرۆڤ و مادەی هۆشبەر کە ئەم تۆڕانە بە درێژایی ساڵانی رابردوو خەڵکێکی زۆریان هەڵخەڵتاندووە و پارەی خەڵکیان خواردوە و ساڵانەش ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەکەنە قوربانی.
جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە باشترین رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی تاوانکاری نەهێشتنی زەمینەی کۆچکردنی گەنجانە بۆ دەرەوەی وڵات و ئەمەش تەنها بە گەشەپێدانی ئابوری و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر دەکرێت.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە پلانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازی و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت کرد و داوایکرد حکومەتی بریتانیا زیاتر هاوکاری حکومەتی هەرێم بێت لە بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم.
جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەکی بریتانیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ و مادەی هۆشبەر و ئاماژەی بەوەشدا هێزە ئەمنییەکانی کوردستان لە ئێستادا زۆر جدیتر و چاوکراوەتر لە جارانن لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤ و مادەی هۆشبەرەوە دەکەن.