قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرۆسەی سیاسی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی پێنج شەممە 16ی حوزەیرانی 2022 بەڕێوەچوو و کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەبوو، جێگری سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە ئەلینا رۆمانۆسکی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق و هیوای خواست لە ماوەی کارکردنیدا ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە بوارە جیاوازەکاندا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا، قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە مەترسییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی عێراق رایگەیاند لایەنە عێراقییەکان پێویستە ڕەچاوی هەستیاری دۆخەکە بکەن و بە نەرمی نواندن و کەمکردنەوەی ئاستی داواکارییەکانیان ڕێگری بکەن لە تێکچوونی سەقامگیری عێراق. داواشیکرد وڵاتی هاوپەیمان و دۆستانی عێراق ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن لە نزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنە عێراقییەکان.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەوەی پێویستە هەردوولا بەیەکجاری ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن و لەسەر هەموو بابەت و کەرتەکان رێککەون.
لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا پشتگیری تەواوی ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی کردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا و ستایشی هەوڵەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانیشی کرد بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژی خێزانی.