قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە مارینا سێرینی جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیتاڵیا کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە، 4ی حوزەیرانی 2022 لە هەولێر بەڕێوەچوو و هەر یەکە لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێم ئامادەبوون، مارینا سێرینی جەختی کردەوە ئیتاڵیا دۆستایەتی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانێت و دەیانەوێت ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێم بەهێزتر و پتەوتر بکەن و لەم چوارچێوەیەشدا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە هاوکارییە سەربازی و ئابورییەکان دەربڕی.
جێگری سەرۆکوەزیران ستایشی هاوکارییەکانی ئیتاڵیای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و جەختی کردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە تایبەتیش لەڕووی ئابورییەوە. داواشیکرد حکومەتی ئیتاڵیا هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن بێنە هەرێمی کوردستان و بەشداربن لە پێشخستن و گەشەپێدانی ئابوری هەرێم.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی نیگەرانی خۆی دەربڕی لە چەقبەستوویی پرۆسەی سیاسی و رایگەیاند تا ئیستا گفتوگۆکانی نێوان لایەنەکان نەچووەتە قۆناغێکی دڵخۆشکەرەوە. ئاماژەی بەوەشدا ناکۆکی سەرەکی لایەنەکان تا ئیستا لەسەر پۆست و ئیمتیازاتە و کاتی ئەوە هاتووە ئەگەر ناکۆکی و کێشەش هەبێت لەسەر سیاسەت و دیدی جیاوازبێت بۆ حکومڕانی.