قوباد تاڵەبانی: پێویستە کارەبا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر شار و شارۆچەکاندا دابەش بکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەیەکدا رۆژی دووشەممە ١٣ی حوزەیران ۲٠۲۲ لەگەڵ وەزیری کارەبا و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبای هەرێم کە تایبەت بوو بە پێداچوونەوە بە شێوازی دابەشکردنی کارەبا، جەختی کردەوە لەوەی دابەشکردنی کارەبا بە شێوازێکی دادپەروەرانە و شەفافانە رێکبخرێتەوە و رەچاوی ژمارەی دانیشتوان و هاوبەشانی هەموو شاروشارۆچکەکان بکرێت.
لەگەڵ ئەوەی مانگی رابردوو تاقیکارییەک کرا بۆ پێداچوونەوە بە دابەشکردنی کارەبا، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تاقیکارییەکە دووبارە بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەموولایەک دڵنیا ببنەوە لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی کارەبا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند پێویستە تاقیکارییەکان وەرزانە و بەپێی گەرما و سەرما دووبارە بکرێتەوە و بۆ دڵنیایی هاوڵاتیان پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێری تاقیکارییەکان بکەن.
لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە وەزارەتی کارەبا کرد میکانیزمێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ برەودان بە سۆلار سیستم لە هەرێمی کوردستان بە جۆرێک کە هانی وەبەرهێنەران بدرێت بۆ لەمەودا کارەبای کارگە و پڕۆژەکانی خۆیان لەڕێی سیستمی سۆلارەوە بەرهەم بهێنن و بەم شێوەیە هەم یارمەتیدەر دەبن لە پاک ڕاگرتنی ژینگە و هەم کارەبای زیاتر بۆ هاوڵاتیان دابین دەکرێت.