Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: کارمەندانی کەرتی تایبەت بە هەمان شێوەی کەرتی گشتی خانەنشین دەکرێن

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد سەبارەت بە هەمواری یاسای خانەنشینی و بڕیاردرا یاساکە بە جۆرێک هەموار بکرێتەوە کارمەندانی کەرتی تایبەتیش بە هەمان شێوەی کارمەندانی کەرتی گشتی خانەنشین بکرێن.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لەگەڵ وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و نووسینگەی ئابوری سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند یاسای خانەنشینی دەبێت بە جۆرێک هەموار بکرێتەوە لەگەڵ پێویستییەکانی سەردەم و رەوتی گەشەکردنی کەرتی تایبەتدا بگونجێت.

قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە هەمواری یاسای خانەنشینی دەبێت لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا بێت سەبارەت بە هاوتاکردنی ماف و ئیمتیازاتی کارمەندانی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، ئەمەش لەلایەکەوە یارمەتیدەر دەبێت لە گەشەکردن و بەهێزبوونی کەرتی تایبەت و زیادکردنی هەلی کار و لەلایەکی دیکەشەوە هاندەر دەبێت بۆ هاوڵاتیان لە بری ئەوەی تەنها چاوەڕوانی دامەزراندن لە حکومەت بکەن، بە هەمان ئیمتیازاتی کەرتی گشتی دەتوانن لە کەرتی تایبەت دابمەزرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوەش کرایەوە کە دەبێت پڕۆژەی هەمواری یاساکە بە جۆرێک ئامادە بکرێت کە قابیلی جێبەجێکردن بێت و لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوری هەرێمی کوردستان بگونجێت.

جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی هەمواری یاساکە و
بڕیاریش درا لە هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەکان لەم بارەیەوە بەردەوام بن تاکو هەمواری یاساکە تەواو دەکرێت.