Skip to the content

جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران لەگەڵ لێپرسراوی نوسینگەى یەکێتی ئەوروپا کۆبۆوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ئەمڕۆ ٣ى ئازار لەشارى هەولێر چاویکەوت بەمارى پارێت لێپرسراوی نوسینگەى یەکێتی ئەوروپا لەهەرێمی کوردستان و پێکەوە باسیان لەدوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.

لەبارەى دۆخی ئێستاى عێراق و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پرسە هەڵواسراوەکانی تر کەتەوەرێکی گرنگی دیدارەکەبوو، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران جەختی کردەوە کەدەبێ کێشەکان لەڕێى دیالۆگ و رێکەوتنی سیاسییەوە چارەسەر بکرێن.

هەروەک هەردوولا خوازیاربوون کە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان بتوانن لەرێى گفتوگۆی بنیاتنەرەوە خاڵى هاوبەشی نێوانیان زیاتربکەن لەپێناو گەیشتن بەرێکەوتنێکی گشتگیر تا پرۆسەى سیاسی عێراق نەگاتە بنبەست و ئەم قۆناغە تێپەڕێنرێت.

لەبارەى پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداوە، قوباد تاڵەبانی دووپاتی کردەوە کەپێویستە دەستور بکرێتە بنەماى چارەسەرى کێشەکان.