Skip to the content

قوباد تاڵە‌بانی و وە‌فدێكی سە‌ربازی ئە‌مریكی كۆبوونە‌وە

قوباد تاڵەبانی و وە‌فدێكی سە‌ربازی ئەمریکا باسیان لەمەترسییەکانی تێرۆر وچۆنییە‌تی پە‌رە‌پێدانی پێکەوەکارکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان كرد.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران، ئە‌مڕۆ ١ى ئازار، لە‌ هەولێر، چاویکەوت بەوەفدێکی سەربازی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جەنەراڵ کیس فیلیپس گەورە راوێژکارى سەربازی و پاشکۆى سەربازی باڵیۆزخانەى ئەمریکا لەعێراق.

لەو دیدارەدا باس لەمەترسییەکانی تێرۆر کرا لەعێراق و سوریا، لەم رووەوە پێویستی پێکەوەکارکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان دووپاتکرایەوە بۆ رووبەرووبونەوەى هەر هەڕەشەیەکی تێرۆریستان بەتایبەت لەناوچە جێ ناکۆکەکان، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا هاوڕابون کە کار بکرێت بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەى کەتێرۆریستانی داعش ناوبەناو دزەى لێوەدەکەن.

سەبارەت بە دۆخی ئێستاى عێراق و کاریگەرییەکانى پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەسەر بارى ئەمنی وڵات، هەردوولا کۆک بوون کە لایەنە سیاسیەکان هەرچی زووە کار بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار، لەوبارەیەوە جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە؛ پێویستە گفتوگۆکان بەئاڕاستەى لێکتێگەیشتن و رێککەوتن بێت، داواشى کرد هێزە سیاسیەکانی عێراق بیر لەگۆڕینی کلتورى فەرمانڕەوایی خۆسەپێن بکەنەوە و لەبری ئەوە کاربکەن بۆ هێنانەکایەى کلتوری بەرێوەبردن و حوکمڕانی کردن و بیکەنە کۆڵەکەى سەرەکی کارکردنیان لەحکومەتى داهاتووی عێراقدا.

لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا و لەبارەى چاکسازییەکانی پێشمەرگەوە، وەفدی سەربازی ئەمریکا ستایشی هەوڵەکانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیرانیان کرد بۆ خێراتر بەرێوەچوونی ئەو چاکسازیانە لەوەزارەتى پێشمەرگە، لەمڕووەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: تەنیا بەدامەزراوەیی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە بەس نیە بۆ ئەوەى هێزێکی نیشتمانی مەشقپێکراومان هەبێت، بەڵکو دەبێ گیانی نیشتمانپەروەرى لەنێویاندا پەرەى پێ بدرێت و نیشتمان و کوردستان لەسەروو هەموو شتێکی ترەوە بێت.