Skip to the content

قوباد تاڵەبانی بڕوانامە‌ی رێزلێنانی بەخشییە ژمارەیەک بەرپرسی حکومی

پۆرتاڵی نوێی خزمە‌ت https://services.gov.krd راگە‌یە‌ندرا

جێگرى سەرۆک وە‌زیران: پڕۆژە‌ی خزمە‌ت ژێرخانێکە بۆ دروستکردنی حکومەتی ئەلکترۆنی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارى ئەلکترۆنی.

 

لە‌چوارچێوە‌ی پڕۆژە‌ی خزمە‌ت، كە‌ ئامانج لێی نە‌ھێشتنی گە‌ندە‌ڵی و كە‌م كردنە‌وە‌ی رۆتین و باشتر پێشكە‌شكردنی خزمە‌تە‌كانی حكومە‌تە بە‌ ھاوڵاتیان، قوباد تاڵە‌بانی بڕوانامەى رێزلێنانی بە‌خشییە‌ چە‌ند بەرپرسێکی حكومی.

لە‌مە‌ڕاسیمێكدا کەئە‌مڕۆ ٩ی ئازار لە‌ھە‌ولێر بە‌ڕێوە‌چوو، بە‌ئامادە‌بوونی چە‌ند وە‌زیر و بە‌رپرسێكی حكومی، قوباد تاڵە‌بانی بڕوانامە‌ی رێزلێنانی بە‌خشییە‌ چە‌ند بە‌ڕێوبە‌ر و بە‌ڕێوبە‌رێكی گشتی كە‌ لە‌چوارچێوە‌ی پڕۆژە‌ی خزمە‌ت توانیویانە‌ كاروباری فە‌رمانگە‌كانیان بە‌ سیستە‌ماتیك بكە‌ن وخزمە‌تی باشتری ھاوڵاتیان بكە‌ن.

جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران لە‌ وتارێكدا كە‌لە‌و مە‌ڕاسیمەدا پێشكە‌شی كرد، ئاماژە‌ی بە‌ گرنگی پڕۆژە‌ی خزمە‌ت دا كە‌ بناغە‌ی سە‌رە‌كی بە‌دیجیتاڵ كردنی حكومە‌ت و دە‌ربازبوونە‌ لە‌ میكانیزمە‌ كلاسیكە‌كە‌.

سە‌بارە‌ت بە‌ گرنگی پڕۆژە‌كە‌، وتی: لە‌ڕێی ئە‌م پڕۆژە‌یە‌وە دە‌توانین كە‌متە‌رخە‌می و گە‌ندە‌ڵی نە‌ھێڵین و لە‌ڕێی پۆرتاڵی خزمە‌تە‌وە‌ ( https://services.gov.krd ) خزمە‌تخواز دە‌توانێت ھە‌موو زانیاری و پێویستییە‌كانی ھە‌ر مامە‌ڵە‌یە‌ك بزانێت لە‌ ھە‌موو دامودە‌زگاكانی حكومە‌ت.

جێگری سە‌رۆك وە‌زیران، ھە‌روە‌ھا وتی: جگە‌ لە‌وە‌ی لە‌ڕێی ئە‌م پڕۆژە‌یە‌وە‌ دەتوانین حكومە‌ت بە‌دیجیتاڵی و سیستە‌ماتیك بكە‌ین، رۆتینیش كە‌م دە‌كرێتە‌وە‌ و لە‌قۆناغە‌كانی داھاتوودا كار بۆ بە‌گەڕخستنی سیستە‌می یە‌ك پە‌نجە‌رەیی دە‌كە‌ین بۆ ڕایی كردنی مامە‌ڵە‌ی ھاوڵاتیان لە‌ڕێی ئە‌م پڕۆژە‌یە‌‌.

جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران وتیشی: ئەم پرۆژەیە ژێرخانێکە بۆ دروستکردنی حکومەتی ئەلکترۆنی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارى ئەلکترۆنی.

قوباد تاڵە‌بانی دووپاتیشیکردەوە: كە‌مكردنە‌وە‌ی رۆتین یە‌كێك‌ لە‌ ئامانجە‌ سە‌رە‌كیە‌كانی ئە‌م پڕۆژە‌یەیە‌ لە‌پێناوی باشتر پێشكە‌ش كردنی خزمە‌تە‌كانی حكومە‌ت بە‌ھاوڵاتیان.

دوای تە‌واو كردنی وتارە‌كە‌ی، جێگری سە‌رۆكی حكومە‌ت بڕوانامەى رێزلێنانی بەخشییە بە‌ڕێوبە‌ر و بە‌ڕێوبە‌رە‌ گشتییە‌كان و ھانی دان بە‌ردە‌وام بن و داوای كرد كە‌ ھە‌موو بە‌رپرسە‌ حكومییە‌كانی تر كار لە‌سە‌ر بە‌سیستە‌ماتیك كردنی فە‌رمانگە‌كانیان بكەن و خزمە‌تی باشتری ھاوڵاتیان بكە‌ن.

دواتر پۆرتاڵی نوێی خزمە‌ت خرایە‌روو و ئاشنا كرا بە‌ ئامادە‌بووان و داواكرا ھە‌موو ھاوڵاتییە‌ك پێش سە‌ردانی ھە‌ر فە‌رمانگە‌یە‌ك سە‌ردانی پۆرتاڵی خزمە‌ت https://services.gov.krd بكات بۆ وە‌رگرتنی زانیاری.