قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران، پرۆژەى عەلوەى رۆژئاواى سلێمانی کردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٣/٧ بەئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ووەزیری پلاندانان و سەرۆکی دەستەى وەبەرهێنان و پارێزگاى سلێمانی، پرۆژەى عەلوەى رۆژئاواى سلێمانی کردەوە.
لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن قوباد تاڵەبانی رایگەیاند : ئەمە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و دەستخۆشی لەدەستەی وەبەرهێنان دەکەم بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی بەردەم پرۆژەکە و دەستخۆشی لەوەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەبەرهێنەرەکە دەکەم چونکە بەڕاستی ئەمە کارێکی دەستە جەمعیە لەنێوانی حکومەت و کەرتی تایبەتدا بۆ بنیاتنانی ژێرخانێک بۆ کە کەرتێکی سەرەکییە لە هەرێمی کوردستان کە کشتوکاڵە.
جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران وتیشی: ئێمە باسی هەمەجۆرکردنی داهات ئەکەین تا رزگارمان بێت لەنەوت وەک تاکە سەرچاوەی داهات، ئاماژەی بەوەشدا كە پڕۆژەكە هەلی کار ئەرەخسێنێت و ئاسایشی خۆراک دەپارێزێت.
لەبارەى ساڵیادی راپەرینی سلێمانییەوە، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لەخەڵکی سلێمانی کرد و وتی؛ دەبێ بیرمان بێت کەڕاپەرین لەپێناوی چی کرا؟ ئەمڕۆ ئێمە لەدۆخێکین کەخەڵکانێکی زۆر ناڕازین و چاوەڕێی ژیان و حوکمڕانی و ژینگە و ئابورییەکی باشتر ئەکەن کەئێمە ئەبێ رەچاوی بکەین و خەمی بۆ بخۆین و ئیشی لەسەر بکەین، وتیشی: حکومەت دەستی کردوە بە چاکسازی راستەقینە لەبوارە جیاجیاكاندا، دەبێ لایەنە سیاسیەکانیش چاکسازی بکەن و هەروەها پەرلەمانیش دەبێ رۆڵى خۆى ببینێت وەک لایەنی یاسادانان و یارمەتیدەربێ تا پرۆژە یاسایی یارمەتیدەر بۆ دۆخەکە پەسەند بکەن.
لەبارەى چاکسازییەکانی یەکێتییەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: وەک یەکێتی ئێمە کۆنفرانسێکی فراوان بەناوی دیداری یەکێتی سازدەکەین، پێداچونەوە ئەکەین بەسیاسەتەکانی حزبەکەمان، هیوادارم هەموو لایەنە سیاسیەکانیش بەسیاسەتی خۆیاندا بچنەوە و سیاسەتێکی نوێ دابڕێژین کەرووبەرووی بەربەستەکانی ئەمڕۆ ببێتەوە، جەختیشیکردەوە کە : گەشبینە بەبونی گفتوگۆیەکی جددی لەناو ژینگەی سیاسی و حزب وحکومەت و کۆمەڵگا و بازاری کار لەسەرچۆنێتی چاککردنی ئەم دۆخە نەک هەر گلەیی کردن.
لەبارەی بریارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەنەوت، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران رایگەیاند: ئەو بڕیارە ناهەقی و ناعەدالەتی تێدایە سەبارەت بەهەرێمی کوردستان، بەڵام کاتیەتی بکرێ بەدەرفەتێک بۆ چارەسەری ئەو کێشانەى کەبەرۆکی هەرێمی گرتۆتەوە، وتیشی: من گەشبینم لەئەگەری ئەم بریارە ببێتە دەرفەتێک بۆ دانیشتنی جددیانەی حکومەتی هەرێم و بەغدا و کێشەی ئابوری و موچە چارەسەر بكرێت بەیەكجاری.
لەبارەی سزادراوانی بادینان و بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی سزاکانیان، قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران رایگەیاند: یەکێک لەو خاڵانەی دەبێ شانازی پێوە بکەین لەهەرێمی کوردستان ئازادییە، بۆیە ئەم بڕیارە لەجێی خۆیەتی و دەستخۆشی لەسەرۆکی هەرێم دەکەین و دەبێ هەموومان پاڵپشتی بین بۆ ئەوەی ئازادی بپارێزرێ، هەمیشە وتومە زیندان شوێنێک نیە بۆ رۆژنامەنوس یان چالاکوان و هەر کەسێک کە ڕایەکی پێچەوانە دەرببڕێت.