قوباد تاڵەبانی و وەفدێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا-کوردستان کۆبونەوە
هەولێر،هەرێمی کوردستان-عێراق، (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ئەمڕۆ ٨ى ئازاری ٢٠٢٢، لەشارى هەولێر پێشوازیکرد لە وەفدێکى ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکا-کوردستان و نوێنەری ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی لەهەرێمی کوردستان.
لەو دیدارەدا کە هەریەک لە دابان شەدەڵە جێگرى لێپرسراوى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و بەیان سامى عەبدولڕەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ئامادەى بوون، گرنگى وەبەرهێنان و رۆڵی کۆمپانیاکانی ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان تاوتوێکرا.
لەو بارەیەوە، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران بەپێزانینەوە باسى لەڕۆڵى کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرد کە بەشدارن لەپرۆسەى وەبەرهێنان و گەشەپێدانى ئابوورى و ئاوەدانى لەڕێگەى بەگەرخستنی سەرمایەکانیانەوە لە هەرێمى کوردستان و کارکردنیان لە سێکتەرە جیاجیاکاندا بەتایبەت لەبواری کشتوکاڵ و نەوت و گاز و تەکنەلۆژیا، داواشی لێکردن کە بۆ داهاتوو کار و پرۆژەى وەبەرهێنانى زیاتر ئەنجام بدەن، لەمڕوەشەوە ئامادەیى حکومەتى هەرێمى نیشاندا بۆ ئەنجامدانى کارئاسانى پێویست.
قوباد تاڵەبانى لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، تێڕوانینى حکومەتى هەرێمى کوردستانی خستەڕوو بۆ هەمەجۆرکردنى ئابوورى هەرێمى کوردستان، وتیشى: گرنگە کار لەسێکتەرە جیاوازەکان بکرێت و ببوژێنرێتەوە، بەتایبەت پێشکەوتن و پەرەپێدانى تەکنەلۆژیا لە هەرێمى کوردستان، چونکە ئاڕاستەى کارکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرەو بە ئەلیکترۆنیکردنى حکومەت و خزمەتگوزارییەکانیەتی، چونکە کارئاسانى زیاتر دەکات بۆ هەموو کەرتەکانى تر لەنێوانیاندا کەرتى بانکى و کشتوکاڵ و وەبەرهێنانى بیانیش زیاتریش رادەکێشێت.
لەبارەى کێشەى کۆمپانیا بیانیەکانەوە جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران، بەڵێنیدا بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان بکات و وتى: هەر رۆتینێک هەبێت بەهەماهەنگى لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەرى بۆ دەدۆزینەوە.